چێشتی مجێور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ڕووبەرگی پەڕتووکی "جێشتی مجێور" چاپی سێهەم ٢٠٠٩

چێشتی مجێور ژیننامەی خۆنووسی مامۆستا هەژار (عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی)یە که‌ تێیدا باسی سه‌رگوزشته‌کانی ژیانی خۆی ده‌کات. ئەمە یەکێکە لە پەڕتووکە دەگمەنەکانی ئۆتۆبیۆگرافی بە زمانی کوردی، کە مامۆستا هەژار بە زمان و گێڕانەوەیەکی شیرین باسی خۆی و بەسەرهاتەکانی کردووە.[١]

هۆکاری ناو لێنان[دەستکاری]

جاران مجێوری مزگەوت بەرماوەی خواردنی خەڵکی کۆدەکردەوە و لە مەنجەڵێکی ئەنا و تێکەڵی دەکردن کە پێیان دەگوت "چێشتی مجێور".مامۆستا هەژار ئەڵێ چیڕۆکی ژیانی وەک چێشتی مجێور وایە. هەروەها ئەڵێ نە دەمی ڕوودانی بەسەرهاتەکانی لە بیر ماوە نە دەتوانێت یەک بە دوای یەکدا بە زنجیر بیانگێڕێتەوە کەواتە وەک چێشتی مجێور تێکەڵاو گێڕاونیەوە. ئەم بەسەرهاتانە و باسانەی ناو پەڕتووکەکە یان بەسەرهاتی مامۆستا هەژار هی خۆیەتی یان لە دەمی دۆستان و برادەرانی قۆزتۆتەوە. مامۆستا هەژار سەرەتا ویستوویەتی ناوی بابەتەکەی بنێ "قانگ لاشک"، "با بردەڵە" یان "بۆت برێم" بەڵام دوای ناوی "چێشتی مجێور" ی داناوە کە بە وتەی خۆی: پڕ بە پێستیەتی. [٢]

به‌ركوڵێک له‌ «چێشتی مجێور»[دەستکاری]

• ده‌گه‌ڵ زه‌بیحی دووبه‌دوو زمانێکمان دروست کردبوو که‌ تێک ده‌گه‌یشتین و که‌س تێمان نه‌ده‌گه‌یشت. ڕۆژێک که‌ به‌و زمانه‌ قسه‌مان ده‌کرد، کابرایه‌ گوێی لێ بوو. ڕووی کرده‌ کابرایه‌کی دیکه‌ و گوتی: ــ ئاخر بۆچی ئاخر زه‌مان نییه‌؟ ئه‌و سه‌گبابانه‌ به‌ زمانی جووله‌کان قسه‌ ده‌که‌ن، ده‌ بڵێ له‌ کوێی فێر بوون؟!(ل63)

•ڕۆژێک باران ده‌باری. کابرایه‌ک له‌ شه‌ودا بانگی له‌ که‌ڵه‌که‌وان کردبوو بی په‌ڕێنێته‌وه‌. کابرامان گرت: ــ چکاره‌ی؟ ــ فه‌قیرم و له‌ خێر ده‌گه‌ڕێم. براده‌ران که‌وتنه‌ ته‌حقیقات و نووسین. زۆریان گوت فایده‌ی نه‌بوو. شه‌و به‌ ده‌نگێکی وا كه‌ گوێی لێ بێ گوتم: ــ ئه‌رێ به‌ شه‌و کێ ده‌توانێت به‌ پێنج گولله‌ نیشان بپێکێت؟ ئه‌و کابرایه‌ بێنن، دایکه‌ین، بزانین کێ ده‌ستی ڕاسته‌! کابرا کردیه‌ هاوار: ــ باوکم مه‌مکوژن، به‌ خوا من جاسووسی عه‌جه‌مانم. کۆتری نامه‌به‌ر ده‌ باخڵم ده‌نێم، خه‌به‌ریان بۆ به‌ کۆتردا ده‌نێرمه‌وه‌. ناردوویانم بزانم ئێوه‌ چه‌ند کەسن و له‌ کام خانوودا ده‌ژین.

کابرامان نارده‌ سابڵاغ. (ل76)

• جارێک شێخولیسلامی باوکی هێمن له‌ ڕاو بووه‌، که‌روێشکێک به‌ ته‌ماڵ دۆزراوه‌ته‌وه‌، نۆکه‌رێکی گوتوویه‌ توخوا تاژی تێبه‌رمه‌ده‌ن من به‌ تفه‌نگ ده‌یکوژم، کەچی نه‌ی هه‌نگاوتووه‌. ئاغا لێی تووڕه‌ بووه‌ که‌ بۆچی کەروێشکت له‌ کیس داین؟ گوتوویه‌: ــ به‌ڵێ ئاغا نه‌م هه‌نگاوت، به‌ڵام وام ترساند که‌ تازه‌ ڕووناکاته‌وه‌ ئه‌م گرده‌! (ل76)

• جارێک «سه‌رتیپ هومایونی» نامه‌یه‌کی نووسیبوو ناوی پێشه‌وای (اقای محمد قازی) نوسیبوو. له‌ جوابی دا له‌ باتی تیمسار و ته‌ڕه‌ماش بۆم نووسیه‌وه‌: (ا‌‌قای حاجی عه‌لی)، که‌ به‌وه‌ زۆر تووڕه‌ ببوو. (ل78)

• «حه‌مه‌حوسێن خان» کوڕی «سه‌یفی قازی» و ئامۆزای پێشه‌وا بوو. پیاوێکی سوورهولی زۆر زه‌لامی چاوزه‌ق و به‌هه‌یبه‌ت بوو. تا خوا حه‌زکا کوردێکی دڵسۆز بوو، کرابووه‌ فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌کداری کۆمه‌ڵه‌، به‌ڕاستی له‌ هیچ شتێ نه‌ده‌ترسا. ڕۆژێک له‌ ته‌ورێز خۆنواندنی له‌شکریی فیدائییانی پیشه‌وه‌ری له‌ ته‌ورێز بوو؛ پیشه‌وه‌ری پرسیبووێ: «پێت چۆنه‌؟»، گوتبووی: «وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ ژنێکی حیزم دێنه‌ به‌رچاو كه‌ به‌رمووریان تفه‌نگی بڕنۆیه‌، به‌رگه‌ی ده‌ که‌س کوردی چه‌کدار ناگرن!».(ل80)

• ڕۆژێک ئاوده‌سته‌کەمان سه‌یری لێ ڕیا بوون، پیسایی گه‌یبووه‌ بڵندایی دیواری پشته‌وه‌. سه‌روان بیداربه‌خت هات بۆ دیده‌نیمان. گوتم ئێوه‌ چۆن مه‌شقی ئه‌نگێوه‌یی به‌ سه‌ربازان ده‌کەن؟ ــ ده‌بێ له‌ دووهه‌زار میتر خاڵی ڕه‌شی ناو هه‌ده‌ف بپێکێ. ــ ئه‌و سه‌ربازانه‌ مه‌شقیان كردووه‌ یان تازه‌ هاتوون؟ ــ هیچیان له‌ چوار ساڵ کەمتر نییه‌ کە لێرەن، له‌به‌ر شه‌ڕی ئێوه‌ هیشتووماننه‌وه‌. ــ ده‌ وه‌ره‌ با بچینه‌ سه‌یری ئاوده‌ست: کونی ئاودست تا قوونی سه‌رباز بستێکە، زۆریش له‌ خاڵی هه‌ده‌ف گه‌وره‌تره‌، سه‌ربازێک نه‌توانێ ئه‌و کونه‌ گه‌وره‌ بپێکێ، مه‌شقی چی و فێربوونی چی؟! (ل82)

• عه‌وڵا ناوێک له‌ سیته‌ک بوو، جگه‌ له‌ ناوی ئاغا هیچ عه‌شته‌بای شک نه‌ده‌برد. هه‌میشه‌ ده‌ست له‌ کەلەکە دا و به‌ فیزه‌وه‌ ده‌یگووت: «من جگه‌ له‌وه‌ کە ئاغام، ره‌عیسول عوزه‌رای شێخ له‌تیفم». نه‌وسن و چه‌وه‌ره‌یەک بوو هه‌ر مه‌پرسه‌. قادرئاغا ناوێک بۆی دانابوو: ئه‌گه‌ر نایناسن ئاغای هه‌رووته‌ له‌ ته‌قه‌ی کەوگیر، گوێی وەک کەر جووته‌ ڕۆژێ به‌ فیزێکەوە دەگەڵ مه‌حموود به‌گه‌کەی(بی بی جەک) هاتنه‌ لام. گوتیان: «ئاغا گه‌وره‌تره‌ یان به‌گ؟» گوتم من نازانم. «محێدین چناره‌یی»، درێژی لاواز، نۆکەری شێخ ده‌هات، عه‌وڵاغا بانگی کرد: ــ محه‌ ڕه‌ق تۆ خۆنگه‌واری، ئاغا گه‌وره‌تره‌، یان به‌گ؟ ــ به‌خوا ئه‌مانه‌ وه‌ک سه‌گ و تاژی وان، فه‌رقێکیان ناکه‌م! مه‌حموود به‌گ گوتی: ساوه‌ڵڵا ده‌ڵێن تاژی به‌گزاده‌ی سه‌گانه‌، من نه‌جیبترم. کابرایەکی وێڵی، بێ ماڵی، ڕووته‌که‌ هه‌بوو په‌سته‌کێکی سه‌د پینه‌ی درێژی تا سه‌ر ئه‌ژنۆی ده‌به‌ردابوو، سه‌ر و بنی قسه‌شی «زالیکە» بوو. خۆی به‌ پێغمبه‌ر ده‌زانی. شێخ گاڵته‌ی پێ ده‌کرد، گوتی: زالیکه‌ی ماکەر! تۆ چۆن پێغه‌مبه‌رێکی؟ گوتی: پێغه‌مبه‌ری که‌رانم و خوا ناردوومیه‌ته‌ سه‌ر ئێوه‌! (ل108)

• ئێواره‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ قانیع چوومه‌ مه‌نزڵه‌که‌ی، له‌ دووره‌وه‌ بانگی کرد: ــ عه‌ولقادر ژووره‌که‌ چاکه‌ت ده‌، ــ یانی چی؟ ــ گزکمان نییه‌ به‌ چاکه‌ت ئه‌یماڵین. قانیغ کرا به‌ موعه‌للیم له‌ (باڵانیش)، پاشان له‌ (که‌لبه‌ ره‌زاخان). که‌ لێیان ده‌پرسی چکاره‌ی؟ ده‌یگوت: هام له‌ (سه‌گی پێشه‌وا)! ئه‌م گونده‌ ناوی (که‌لبه‌ره‌زاخان) بووه‌، (که‌لب) سه‌گه‌ و ره‌زاخانیش نه‌ماوه‌. (109 و 110)

• قانیع و فه‌قێیه‌ک له‌ مزگه‌وتی دێیه‌کن. حاجییه‌ک تۆپێک خام بۆ به‌رماڵی مزگه‌وت ده‌کڕێ. قانیع ده‌رفه‌ت دێنێ به‌ فه‌قێ ده‌ڵێ: ئه‌م مزگه‌وته‌ چه‌ند ساڵه‌ بنیات نراوه‌؟ ــ سه‌دساڵ. ــ چه‌ند ساڵه‌ ڕووخاوه‌ و به‌ مردوو حه‌ساوه‌؟ ــ چوزانم، په‌نجا ساڵه‌. ــ خاسه‌، پازده‌ ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووه‌، ئه‌مێنێته‌وه‌ سی و پێنج ساڵ، خۆ ئیسقاتی بۆ نه‌کراوه‌!

به‌رماڵ ده‌پێچێته‌وه‌ و سی و پێنج جار ده‌ڵێ: «ئه‌و به‌رماڵه‌م دا به‌ تۆ له‌ که‌فاره‌تی ئه‌و تڕ و تسانه‌ و درۆیانه‌ی لادێیی له‌م مزگه‌وته‌ که‌ندوویانه‌ و کردوویانه‌. بڵێ قبوڵم کرد و دامه‌وه‌ به‌ خۆت!». به‌رماڵ له‌ت ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه‌ کراس و ده‌رپێ. له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ش له‌ دێ ده‌ری ده‌که‌ن. (ل ١١١)

چێشتی مجێور وەک پەرتووکی دەنگی[دەستکاری]

-دەتوانن لەسەر ماڵپەڕی یوتوب گوێبگرن لە پەڕتووکی دەنگی چێشتی مجێور لەم بەستەرەی خوارەوە:

https://www.youtube.com/playlist?list=PLmhum81GD_45IQwHVdnxMEBYqJTkKrW8W

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ (دەسپێکی چێشتی مجێور ، لاپەڕەی یازدە - چاپی سێهەم ٢٠٠٩-پەخشانگای ئازادی)
  2. ^ (پێشەکی چێشتی مجێور، لاپەڕەی ١-چاپی سێهەم ٢٠٠٩-پەخشانگای ئازادی)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • هه‌ژار، چێشتی مجێور، خانی شه‌ڕه‌فکەندی ئاماده‌ی کردووە و سه‌رپه‌رشتی چاپی کردووە، چاپی یەکەم: پاریس ١٩٩٧ .
  • مامۆستا هەژار، چێشتی مجێور ،پەخشانگای ئازادی ، چاپی سێهەم - ٢٠٠٩