کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
لەدایکبوون ١٩٥٢
گوندی شیواشۆکی گەورە کۆیە
نیشتەجێ هەولێر
نەتەوە کورد
سەرناو جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
حیزبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئایین ئیسلام
منداڵەکان شالاو . ده رباز

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی شیواشۆکی گەورەی سنووری قەزای کۆیە لەدایک بووە،لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە و لەهەمان کاتیشدا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ە.

ژیان[دەستکاری]

ھەر لە سەرەتای لاوێتی و قۆناغەکانی خوێندنەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەبێت و سەرەتای کاری سیاسیشی دەچێتە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٤ دا بەشداری بەرچاوی دەبێت.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێت بە سەرپەرشتکاری ڕێکخستن و کاروچالاکیەکانی خوێندکاران.

لە ساڵی ١٩٧٦ دا کۆسرەت رەسوڵ یەکێک بووە لەو ھەڤاڵانەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیان لە شاری کەرکوک دامەزراندووە. جمووجۆڵ و چالاکییەکانی لەو کاتەدا بووەتە ھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٧ دا لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی بکرێت، پاش ماوەیەکی زۆریش لە زیندانی و ئەشکەنجەدان یەکێک بووە لەو پێنج خۆڕاگرە ئازایەی کە ھیچ جۆرە ئیعترافێکی نەکردووە و سەربەرزانە لە زیندان ھاتووەتە دەرەوە.

لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی رێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و لە ھەمان کاتدا لێپرسراوی ڕێکخستنە نھێنییەکانی ناوشاری ھەولێر بووە، کە چالاکی و جموجۆڵێکی سیاسی گەورە و بەرفراوانیان لەو شارەدا ئەنجامداوە.

لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣دا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٨ەوە تاکو ساڵی ١٩٩١ ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە لێپرسراوی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە.

لە ساڵی ١٩٨٤ بووە بە لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٥ بە سەختی برینداربووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٦دا کە مەڵبەندەکانی ٣ و ٤ دەکرێن بە یەک مەڵبەند کۆسرەت دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەکە تاکو ساڵی ١٩٨٨، کە یەکێک بووە لە چالاکترین مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩١ کە نەخشەی راپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسیەکانی ئەو کاتی کوردستان، کۆسرەت ڕەسوڵ وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتیکردنی ئازادکردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا.

لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا کۆسرەت یەکێک بوو لە دیارترین ئەو سەرکردانەی کە رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ئازادکردنی شاری کەرکوکدا.

لە ساڵی ١٩٩١ دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنوری پارێزگای ھەولێر، ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٣ تاکو ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان-ئیدارەی سلێمانی تاکوو ساڵی ٢٠٠١.

لە ساڵی ٢٠٠١ بووە بە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

لە ٢١/٠٦/٢٠٠٦ کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ھاوکات کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

لە ماوەی دەست بەکار بوونیشی وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چەندین سەردانی ڕەسمی وڵاتانیشی کردووە کە دواھەمینیان سەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیداری لەگەڵ بوش.

کۆسرەت ڕەسوڵ لە ساڵی ١٩٧٧ ھاوسەری گرتووە و دەبێتە خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچ، کە دواتر سێ کوڕی شەھید دەبێت.

کۆسرەت رەسول زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە.

باری تەندروستی[دەستکاری]

ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ نووسینگەی ڕۆژنامەوانی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕایگەیاند کە باری تەندروستی تێکچووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "کۆسرەت ڕەسووڵ باری تەندروستی تێکچووە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە". ئێن ئاڕ تی. وەرگیراوە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧.